یەكێك لە كەسایەتییە ئیسلامییە زۆر دیارەكانی كوردستانی ئێران، خوالێخۆشبوو: (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان)ـە، كە بەڕاستی پێشەوا و ڕێبەر وهێما ونیشانەیەكی بەرز ودیاری هاوچەرخی ئیسلامەتی بوو.. مامۆستا لە چەندەها مەیداندا سەرقاڵی تێكۆشان بوو، وخۆی لە بازنەی تەنها زانستێكدا بە قەتیسی نەهێشتبوویەوە، بەڵكو ئەو زانایەكی كەم مامەنەند بوو لە فیقهی ئیسلامی وتەفسیر وفەرموودە و كەلام و زمان وئەدەبیاتدا، هەروەها وتاربێژێكی ئێجگار زمانپاراو، وقسەڕەوان وقسەخۆش بوو.. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا شاعیرێكی مەزن بوو، ئەو خاوەنی جیهانبینییەكی فراوان بوو، توێژینەوە وبەدواداچوونی قووڵ و زانایانەی بۆ هەموو بابەتەكان هەبوو.. زۆر بە باشی ئەیتوانی بچێتە مەیدانی ڕكابەرێتی زانستيی لەگەڵ ئەوانەی وەك خۆی بیریان نەدەكردەوە.. كە ئەمەیشی زیاتر لەو پەیامەیدا بەرجەستە بووە كە بەرپەرچی ووتارەكەی (ئایەتوڵڵا مونتەظیری) دەداتەوە، سەبارەت بە دیدگا وبیروباوەڕی ئەشعەرییەكان، وە سەرەڕای هەموو ئەمانەیش خوای گەورە زانستێكی بەرفراوان و بیرێكی تیژ و زیرەكییەكی زۆر، وبوێرییەكی كەم وێنەی پێبەخشیبوو، بۆ بەرگریكردن لە ڕاستی وبەها ئاینییەكان.
مامۆستا ئەحمەدیان.. سەردەمەكەی خۆیی بە باشی دەناسی، وباشیش دەیزانی پێداویستی هزریی گەنجانی ئەو چەرخە چییە! وە هەروەها كەسایەتییەكی چاكساز بوو، سەردەمی ڕابردوو، ونوێی پێكەوە بەستبوونەوە، سەرقاڵی باسوخواسی گیروگرفتەكانی سەردەمەكەی بوو، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری تیۆری بۆیان، وئەوەی ئەم چەرخە خوازیارییەتی وبۆی ئەگونجێ.. لەبارەیەوە بەدواداچوونی دەكرد، ئەو دەیان نووسین و وەرگێڕانی بەرهەم هێنا.. بە تایبەتی لە چەند پەڕتوكێكی سەنگیندا لە زانستی كەلام، و ژیاننامەی خەلیفەكانی ئیسلام، وپێشەوايانی ئایین، وە هەروەها كتێبی زۆر بەنرخی نووسین سەبارەت بە قورئان وفەرموودە، وهەمیشە لە باسوخواسدا بوو لەگەڵ زانایاندا، و زۆری دەخوێندەوە، و زۆريشى دەنووسی، وگوتاری دەدا و وانەی دەگوتەوە، وبەردەوام وەچەی نوێی هان دەدا بۆ ئەوەی خاوەنی ڕەسەنایەتی وپێگەی شیاوی خۆیان بن، وە هەروەها خاوەنی زۆر هەڵوێستی بەهێزیشە لە هەمبەر ئەو دەستدرێژییانەدا ڕوو بە ئایین وگەلەكەی دەكران، وبە سەرسەختی دژیان دەوەستایەوە.
مامۆستا ئەحمەدیان خاوەنی شێوازێكی تایبەت بە خۆی بوو لە گەیاندنی زانیارییەكاندا بۆ قوتابیان وگوێگران، وئەو لە بازنە وجوغزی كەسانی لاساییكەرەوە هاتبوویە دەرەوە.. وهەمیشە بە شوێن بەڵگە ودۆكیۆمێنتی بەهێزەوە بوو.. كە پەیوەندیداربێ بە قورئان وسوننەتەوە.
مامۆستا ئەحمەدیان.. پاشماوەی ئەو زانایانەی پێشینە بوو.. كە شكۆی زانست وپێگەی زانایانی پاراست، وهەروەها هەڵسا بە ڕاپەڕاندنی ئەركی ئامۆژگاریكردنی دەسەڵاتداران وهاوڵاتیان، ودوای خۆیشی سامانێكی زەبەلاح وكەلەپورێكی مەزنی زانستیی بەجێهێشت، كە نزیكەی (30) كتێبن، كە زۆربەیان وەك سەرچاوە لای توێژەران بەكاردەهێنرێن، وهەروەها خاوەنی زیاتر لە (200) گوتارە، كە هەموو ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر باڵادەستیی كەموێنەی جەنابیان لە تێكڕای زانستە ئیسلامییەكاندا.. بە تایبەتی زانستە دێرینەكانی حوجرە، وهەروەها لە زانستە نوێ وهاوچەرخەكانیش.
مامۆستا.. ماندووبوون، ونائومێدی، و وەڕەسبوونی نەدەزانی.. هەموو خولیا وئاواتی ئەوە بوو ئیسلام وقورئان بە خەڵكی بناسێنێ.. بە تایبەتی بە چینی گەنجان و ڕوناكبیران، تێگەیشتنی مامۆستا ئەحمەدیان بۆ ئیسلام جیاواز بوو لەو تێگەیشتنە لاساییكەرەوە باوەی كە هەیە، ئەو پەیوەندی زۆر باشی هەبوو لەگەڵ ڕۆشنبیران وهەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو كە ئاینی ئیسلام وەك بەرنامەیەكی گشتگیر بناسێنێ وبە خەڵكیی بگەیەنێ.. بەرنامەیەكی گشتگیرى وا كە ڕێكخەری تێكڕای سیستمی ژیانە، وهەروەها بەدیهێنەری هەموو ئاوات وهیواكانی گەلانە.. كە تەنها لە سێبەری ئەم ئایينەدا بەو ئاواتانە – وەك خۆی- دەگەن!
ئەم زانا بەرزە.. لەو زانا هاوچەرخانە بوو كە خزمەتی زۆری بە پەیمانگە و زانكۆ ئاینییەكان كرد، وە هەروەها ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە لێك نزیككردنەوەی زانایانی ئاینزا جیاوازەكان، چ لە مزگەوت وچ لە زانكۆكان، وهەروەها بایەخی دەدا بە گەشەپێدانی دیدگەیەكی نوێ بۆ ئاینناسی، وشێوەیەكی نوێ بۆ ڕاڤەی قورئان.. بۆیە بەڕاستی كوردستان بە ژیانئاوایی كردنی زانایەكی ئا لەمە.. گورزی گورچكبڕی بەركەوت ودوچاری زیانی گەورە بوویەوە.. ئەو زانا مەزنەی كە هەموو ژیانی خۆیی تەرخانكرد بۆ خزمەتكردن بە ئایین وگەلەكەی، و ژیانیشی باشترین بەڵگەیە لەسەر ئاستی بایەخدانی ئەو بە بڵاوكردنەوەی زانست لە ناو گەل وكۆمەڵگەكەیدا، وپابەندبوونی ئەو بە ڕێنماییكردنی خەڵكانی كۆمەڵگەكەی.. ئەمانە هەموو شایەت وبەڵگەن لەسەر كەسایەتی بەرزی ئەو.. خوای پەروەردگار پاداشتی بداتەوە بە باشترین شێوە، ولێی خۆش بێت.
ڕوونکردنەوە:
وتاری «دکتۆر جەلالیزادە» کە لە لایەن دکتۆر «عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد» لە عەڕەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە سەرچاوەی خواروودا هاتوون:
ـ «الـملاّ عبداللّه أحـمدیان الـمَهَابادی، جهوده ومنهجه وآراؤه فی التّفسیـر وعلوم القرآن»، تێزی دکتۆرای عبدالله ملا احمد، زانکۆی سلیمانی.

بۆچوونهکان